کۆمیتەی باڵای یاسایی لە پارێزگای سوەیدا، ئەوڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند کە نەخشەڕێی ڕاگەیێندراوی دەوڵەتی کاتی سووریا ڕەت دەکاتەوە و ئەو کۆمیتە دەوڵەت بەخۆدزینەوە لە بەرپرسایەتیی لە جەنایەتەکانی سوەیدا تۆمەتبار دەکا و خوازیاری سەربەخۆیی پارێزگا، یان ئیدارەی کاروبارەکەی بە شێوەی خۆبەڕیوەبەرانەیە.
لە بەیاننامەی ئەو کۆمیتەیە کە سەر بە شێخ حیکمەت حەجەری، ڕێبەری مەعنەوی درۆزییەکانی سوەیدایە، هاتووە: ڕاگەیێندراوی دەوڵەت ئاماژە بە بانگهێشتی کۆمیسیۆنی توێژینەوەی سەربەخۆی نێودەوڵەتی تایبەت بە سووریا دەکات، بەڵام بەدوایدا جەخت دەکا کە دادگایی و پەیجۆرییەکان بەپێی دەستووری سووریا دەبێت. ئێمە ئەو دژوازییە بەبێ بەهاکردنی توێژینەوە نێودەوڵەتییەکان دەزانین، چونکە بۆمان قبووڵ ناکڕیت، تاوانبار خۆی دادوەر بێت.
کۆممیتەکە ڕاشیگەیاندووە: دەوڵەت و دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی هاوبەشی ڕاستەوخۆی کۆمەڵکوژی و پێشێلکردنی مافی هەزاران کەسی بێتاوان و مەدەنین؛ لە کوژراوان و ڕفێندراوان و بزربووان. نکۆڵی لە بەرپرسایەتی نە ڕێگەیەکە بۆ ئاشتەوایی و نە مسۆگەربوونی دادپەروەری، بەڵکوو تەنیا سیاسەتی حەسانە لە سزا دەستەبەر دەکات.
کۆمیتەی باڵای یاسایی پارێزگای سوەیدا جەختی لەوەش کرد: خەڵکی سوەیدا مافی یاسایی و ئەخلاقی خۆیانە کە سەربەخۆ سەبارەت بە چارەنووسیان بڕیار بدەن؛ چ لە ڕێگەی خۆبەڕیوەبەری و چ دواجار لە ڕێگەی جیابوونەو لە دەوڵەتی ناوەندی.
Your Comment